وەزیری دارایی پێشوازی کرد لە کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان, و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کراو پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کونسوڵخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێنرا.
لە بشێکی دیدارەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیەو چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکان کراوە.
وتیشی، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت .
ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە.