وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری لەسەر مووچە و هاوكاری هاوپەیمانان ئاشكرادەكات



ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لەئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاسپێردراوین داواکارییەکانی دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی عیراق بەپێی ئەو رێنماییانەی داوامان لێکراوە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەبەغداوە دوانەکەوێت و دەشڵێت: هاوکارییەکانی هاوپەیمانانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە و بەپێی رێنماییەکانی هاوپەیمانان هاوکارییەکە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت.

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ڕایگەیاندووە، “دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندی بە دووبارە داواکردنی زانیاری نوێوە هەیە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عیراقەوە و لەئێستادا دارایی هەرێم هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەدەن، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو زانیاریانەش بۆ عیراق بنێرێت، کە لە ڕاستیدا دیوانی وەزارەت لەڕووی لیستی مووچە و زانیارییەوە کێشەی کەمترە.

لیوا بەختیار دەڵێت: دوای ناردنی زانیارییە نوێیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی عیراق وردبینی لە لیستە نوێیەکەدا دەکرێت و ئەگەر کێشەی نەبێت بڕیاری خەرجکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت.

لەبارەی هاوکاری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عیراق بۆ ناردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکات وەزارەتی داراییش بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران راسپێردراون، ئەو داواکارییانەی چاودێری و دارایی عیراق داوای دەکەن لەبارەی تەواوکردنی رێکارەکانی لیستی مووچەوە پێویستە هاوکاریان بین”.

ئەوەشی خستەروو: “وەک وەزارەتی پێشمەرگە پێشنیاری هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە، کەبێگومان پێویستە دارایی هەرێم پێشنیارەکەمان بگەیەنێتە ئەنجوومەنی وەزیران، هاوکات لەنێوان هەردوو حکومەتدا لێکتێگەیشتنێک هەبێت، کە هاوتاکردنەکە کاریگەری نەبێت لەسەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دەنێردرێت”.

سەبارەت بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؟ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “هاوکارییەکانی هاوپەیمانان کە لە ڕابردوودا بەشێوەی مووچە دەدرا بە لیوا هاوبەشەکان، لە ئێستادا بەشێوەی هاوکاری دەدرێت بە پێشمەرگە و بەردەوامی هەیە، دابەشکردنی هاوکارییەکەش بەپێی ئەو ڕێنماییانەیە، کە هاوپەیمانان داوایان کردووە”.

ئاشكراشی كرد، “وەزارەتی پێشمەرگە بە لیوا هاوبەشەکانیشەوە مووچەکانیان دەخرێتە سەر بەغدا، ئەمەش لەکاتێکدایە هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەمێنێتەوە، بەڵام هەوڵی زیاتری پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی فیدڕاڵ دەدرێت”.

لە وەڵامی ئەوەی چاکسازی و یەکگرتنەوە لەناو هێزی پێشمەرگەدا گەیشتووە بەكوێ‌؟ لیوا بەختیار وتی، “پڕۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە و هەوڵەکانیش بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان بەردەوامە، هەرچەندە یەکگرتنەوەی هێزەکان بەپێی خواستی ئێمە نییە و چاوەڕوانمان دەکرد پڕۆسەکە خێراتر بەڕێوەبچوایە، بەڵام بێگومان هۆکاری سیاسی و کێشەی ماددی و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و هەرێم لەگەڵ بەغداش کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە هەبووە و خاوی کردۆتەوە”.

بەردەوام ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لەرێگەی درۆنەوە دەبەزێنرێن و ئەمەش وەزارەتی پێشمەرگەی ناچارکردووە، کەداوای سیستمی بەرگری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات، لەو بارەیەشەوە لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد دەڵێت: “بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی هەندێک ناوچە لەلایەن درۆنەکانەوە، کە لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن کاریگەری خراپی لەسەر ئارامی ئەو ناوچانە دروستکردوە و داوامان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە هاوکارمان بن بەپێدانی سیستەمی بەرگری، بەڵام تا ئێستا بەدەستمان نەگەیشتووە”.

“بەپێی بڕیاری دادگا نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە”
پێت “بەپێی بڕیاری دادگا نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە”
“بەرشەلۆنە بۆ فرۆشتن نییە”
دوات “بەرشەلۆنە بۆ فرۆشتن نییە”
پەیوەندیدار