وردەکاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و کاتی جێبەجێکردنی ڕاگەیەنرا



هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق و بۆ ئەوەش بڕیاری دا لیستی نوێی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی ڕەوانەی بەغدا بكرێت.

بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، هەر فەرمانبەرێك لەكاتی خانەنشین بوونی بڕی 12 مووچەی تەواوەتی بە دەرماڵەكانەوە پێ‌ دەدرێت و كەمترین مووچەی خانەنشینین 500 هەزار دینارە لەگەڵ 100 هەزار دیناری بژێوی لەكاتێكدا لە هەرێم 6 مووچەی بنەڕەتی دەدرێت بە فەرمانبەر و كەمترین مووچەش 220 هەزار دینارە.

سارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو لیستەی ئامادەمان كردووە بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان دەبێت بەزووترین كات بگاتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم.

ڕاشیگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، كە لیستی خانەنشینی هاوتای عێراق دەكرێت بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی یەكگرتووی عێراق نابێت هیچ خانەنشینێك مووچەكەی لە 500 هەزار دینار كەمتر بێت.

ئاشكراشی كرد، بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵكێكی زۆر سوودمەند دەبێت بەتایبەت خانەنشینان، چونكە لە هەرێم كەمترین مووچە 220 هەزار دینارە، بیە بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین مووچەی خانەنشینان دوای هاوتاكردن دەبێت 500 هەزار دینار بێت.

ڕوونیشی كردەوە، هەر خانەنشینێك پێش ساڵی 2014 خانەنشین بووبێت مووچەكەی دەبێت بە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی دوای 1ی 1ی 2024 خانەنشین بوون بەپێی ساڵی خزمەت و بڕوانامە مووچەیان دیاری دەكرێت و پیاچوونەوە بە دۆسیەكەیان دەكرێت و بەوەش مووچەیان سەرووی 500 هەزار دەبێت.

ئاشكراشی كرد، ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە لە عێراق بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوییان بۆ زیاد كردوون، بۆیە هەر خانەنشینێك لە هەرێم مووچەكەی لە ملیۆنێك كەمتر بێت ئەو 100 هەزارەیان بۆ زیاد دەكرێت.

بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی نمونەی ئەوەی هێنایەوە، كە “ئەگەر كەسێك مووچەكەی ببێت بە 500 هەزار بەپێی هاوتای مووچەی لەگەڵ عێراق، ئەوا 100 هەزاری تری بۆ دەخرێتە سەری و دەبێت بە 600 هەزار ئەگەر خۆی لەژیاندا مابێت، بەڵام ئەگەر خۆی كۆچی دوایی كردبێت و یەك وارسی هەبێت دەبێت بە 320 هەزار و ئەگەر دوو وارسی هەبێت دەبێت بە 360 هەزار دینار.

جەختیشی كردەوە، بەپێی بڕیارەكە، دەبێت لیستی نوێی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگی 7 بچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بۆیە هەفتەی ڕابردوو لیستەكە بێ‌ هاوتاكردن دراوەتە دارایی و لە ئێستاشدا لیستی هاوتاكراو ئامادەیە و دوای ئەوەی دەیكەین بە زمانی عەرەبی دەیدەین بە وەزارەتی دارایی تاوەكو ڕەوانەی بەغدا بكرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق پێویستی بە بڕی 50 ملیار دینار هەیە.

 

عێراق بڕیارێك دەربارەی بەشەخۆراكی مانگانە دەردەكات
پێت عێراق بڕیارێك دەربارەی بەشەخۆراكی مانگانە دەردەكات
نرخی دۆلار بەرزبووەوە و تمەن شكا
دوات نرخی دۆلار بەرزبووەوە و تمەن شكا
پەیوەندیدار