نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی سلێمانی بە دوو هەزار و ٤٠٠ دینارە، ئەم وایکردووە خواست لەسەر کڕینی مریشک زیادبێت.
هەرچەندە خواستی مریشک زیادی کردووە، بەڵام هێشتا بەرهەم لە خواستی هاوڵاتیان زیاترە، لە پارێزگای سلێمانی٩٦٣ هۆڵ لە ٧٠١ پڕۆژەی گۆشتی مریشک هەیە، مانگانە زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ تۆن مریشک دەخەنە بازاڕەوە، لەکاتێکدا پێداویستی مانگانەی سلێمانی پێنج هەزار تۆن مریشکە.
کیلۆیەک مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بە کەمتر دوو هەزار و ٢٥٠ دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک ئێستا سێ هەزار دینارە.
نرخی عەلەف بە ٧٢٠ دۆلارە، کێڵگەی پەلەوەری بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی و کارەبا پێویستی بە گاز، بەنزین بۆ مۆلیدە و غاز هەیە، نرخی سووتەمەنی گران بووە، سەرباری ئەوەی نەخۆشی لەناو مریشکەکاندا بڵاوبووەتەوە، کێڵگەکان هەزاران هەلاکیان هەیە.
ڕێبوار حەسەن، خاوەن کێڵگەی پەلەوەرییە لە سنوری شارباژێر، تا ئێستا ٤٢ ملیۆن دیناری لە کێلگەیەکی ١٠ هەزار مریشکیدا خەرجکردووە، ئەگەر کیلۆیەک مریشک بە دوو هەزار و ٢٥٠ دینار بفرۆشێت، ئەوا ١١ ملیۆن دینار زەرەر دەکات.
سەرباری ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو مریشکەکاندا بە بڕی پێنج ملیۆن دینار دەرمانی کڕیووە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانیش دەڵێت، لە پێناو کێڵگە پەلەوەرییەکاندا لیژنەیان پێکهێناوە بۆ دابەزاندنی نرخی عەلەف.
هەرزانی نرخی مریشک لە سوودی هاوڵاتیان و زیانی خاوەن کێڵگەکاندایە، لەکاتی گرانبوونی نرخەکەشدا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، ئێستاش دیار نییە کەی نرخی مریشک دەگاتە دۆخێکی کە کورد وتەنی “نە شیش بسوتێت نە کەباب”.