سەرۆك كۆماری نوێی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بەڵێنێكیان نەداوە نەتوانن جێبەجێی بكەن و دەشڵێت: دەمانەوێت وەڵامدەرەوەی خواستەكانی خەڵك بین.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران لە یەكەم وتاریدا ڕایگەیاند، لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا تاكڕەوی دووردەخەینەوە، وتیشی “دەنگی ئێوە بەرپرسیارێتییە لەسەر شانم و بە دەنگەكانتان شۆڕشتان بەرپاكرد”.
ڕاشیگەیاند، من قسە و بەڵێنێكم نەداوە تاوەكو لە داهاتوودا نەتوانم جێبەجێی بكەم، چونكە ساڵانێكی زۆرە و لەدوای شۆڕشەوە خەڵكانێك بەڵێن دەدەن و دواتر قسەكانیان ناكەن بە كردار.
جەختیشی كردەوە، من سەرۆك كۆماری هەمووانم بەوانەشەوە دەنگیان پێ نەداوین، دەبێت چین و توێژەكان بە كارمەندان و پزیشكان و فەرمانبەران و كرێكاران و خانەوادەكان و كەسوكاری شەهیدان و سەرجەم لایەنەكان، هەموو شوێنێك بكەنە مەیدانی گفتوگۆ و ڕەخنە بۆ بنیاتنانەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ دەستپێكێكی نوێیە و حكومەتێكی نوێیە بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی ئێوەیە و پابەندم بە بەڵێنەكانی خۆمەوە و دەنگی ئێوە لە ئەستۆی خۆم دەبینم.