سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق بكرێت.
سەردار حسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان بە ئاڤا میدیای رایگەیاندووە، دوو لیژنە بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان پێكهێندراوە كە لیژنەیەك لە هەرێم و لیژنەكەی دیكە لە بەغداد كار بۆ یەكخستن و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان دەكەن،
دەشڵێت:” پێشتر هەرێمی کوردستان و بەغداد بۆچوونی جیاوازیان هەبوو، بەڵام دواتر گەیشتنە رێككەوتن و كەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینار بێت.
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنەکەشی ئاماژەی بەوەشکرد:”چاوەڕواندەكرێت لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بكرێت”.