جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق “پیرۆزبایی لە سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان” دەكات و ڕایدەگەیەنێت، هەژماری من سەركەوت.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، پاش بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان و بەبانكیكردنی مووچەكەیان، كەسانێك (كە بەداخەوە لە زۆربەی بابەتەكاندا دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆژەكانی دەكەن)، بەبێ رەچاوكردنی ئەو سوودە زۆرانەی كە مووچەخۆران لە پڕۆژەی (هەژماری من)ی وەردەگرن، كەوتنە دژایەتیكردنی پڕۆژەكە، بەڵام خۆشبەختانە لە ئامانجەكەیاندا شكستیان هێنا.
ڕاشیگەیاندووە، سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەم نووسراوەیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕوونی كردۆتەوە، سەرجەم ئەو بانكانەی مۆڵەتیان لە بانكی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، بۆیان هەیە مووچەی مووچەخۆران بەبانكی بكەن. لەبەر ئەوەیشی كە سەرجەم ئەو بانكانەی نێو (هەژماری من) لە بانكی ناوەندیی عێراقدا مۆڵەتیان هەیە و لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا مووچەیان بە بانكی كردوە، بۆیە نووسراوەكەی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، جەختكردنەوەیەكی ڕاشكاوانەیە لە یاساییبوونی كارەكانی پڕۆژەی (هەژماری من).
دەشڵێت: بە خۆشحاڵییەوە ئەم یەكلابوونەوەیە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی دەروونی مووچەخۆرانی بەڕێزی كوردستان، لە هەمان كاتدا دەستكەوتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە لەمەودوا خەڵكی كوردستان باشتر سوودمەند دەبن لە دەیان جۆر خزمەتگوزاریی بانكیی زۆر گرنگ و بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ گۆڕینی ئامرازی مامەڵەكان لە پارەی كاشەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بانكی، سەركەوتنێكی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
دووپاتی دەكاتەوە، “ئەم نووسراوەی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، خاڵی كۆتایی لەسەر بابەتەكە دانا و (هەژماری من) سەركەوت، هەموو ئەوانەش شكستیان هێنا كە دەیانویست متمانەی مووچەخۆرانی كوردستان بە پرۆژەیەكی گرنگی وەك (هەژماری من) لەق بكەن”.
جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ مووچەخۆرانی بەڕێزی كوردستان ڕاستگۆ بووین و راشكاوانە گوتوومانە كە جیاوازی لە نێوان (هەژماری من و تەوتین)دا نییە و ئەو بانكانەی كە لە هەژماری مندا مووچە بەبانكی دەكەن، هەمان ئەو بانكانەن، كە لە عێراقیشدا مووچە بەبانكی دەكەن و لەوێ ناویان ناوە تەوتین و لە هەرێمی كوردستان پرۆژەكە ناوی (هەژماری من)ە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی داوا لە سەرجەم ئەوانە دەكات كە “دژایەتیی پڕۆژەكەیان دەكرد، دان بە شكستی خۆیان و سەركەوتنی (هەژماری من)دا بنێن و جارێكی دیكەش لە خۆیانەوە هەوڵی ترساندن و بڵاوكردنەوەی گومان لەنێو خەڵكی نەدەن، چونكە لە كۆتاییدا وەك ئێستا ئیحراجییەكی زۆریان بۆ دەمێنێتەوە”.