مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوویەوە و چەند تەوەرێکیان دەربارەی هەرێم باس کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ بەڕێز فایق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوویەوە.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و دواپێشهاتە هەرێمایەتییەکان تاوتوێ کرا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ڕاگەیاند و بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی پارتی بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆبووەوە و بڕیارە لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانیش کۆببێتەوە.