سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و دەڵێت”پێویستە سەرجەم گرفتەکان لەسەر بنەمای دەسوور و لێکتێگەشتن چارسەرە بکرێت”.
ئەمڕۆ چوار شەممە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک بابەتی نیشتیمانی کرا، و هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لە ڕووی خزمەتکردنی خەلکەوە لە تەواوی خاکی عێراق بەپێی دەستوور و یاسا خرایەڕوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، پرسی کارکردنی پێکەوەیی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسە ناکۆکەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت و کاری هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاسایش لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سودانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی مەسعود بارزانی دەربڕیوە، و دووپاتیکردەوە کە حکومەتی پێداگرە لەسەر دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی گەلانی عێراق و دابینکردنی داهاتوویەکی باش بۆ نەوەکان، کە بتوانن بە ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەییەوە لە عێراقدا ژیان بکەن.
لای خۆشیەوە مەسعود بارزانی سوپاسی سودانی کرد بۆ هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان و ئەو کۆسپانەی کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم ڕیکەوتنی هەردوو حکومەت، و ئەو هەوڵانەش کە بە ئاڕاستەی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم دەدرێن.