سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند، گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە و تێڕوانینی هاوبەشـیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی هەبوو.
مەسعود بارزانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەكەی، بەهێزكردنی ئەو هەوڵانەیە، كە پێشتر لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.
بارزانی سوپاسی و ستایشی هەردوو سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی و هەموو ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، كە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا داوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەشیان، بارزانی ڕایگەیاند، گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە و تێڕوانینی هاوبەشیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبووە و وتیشی، “بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوكاریی”.
سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە، “ئەگەر نیازی باش هەبن، هیچ كێشەیەك نابێت، زەحمەت بێت بۆ چارە كردن، سوپاس بۆ خوا ئەم نیازانە هەن و برام، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەم نیازانە سەركردایەتیی وڵات دەكات. بەو نیازانەی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە ئاسوودەیە. هیوادارین ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكاندا بن.