جێگری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیاریان داوە بە خەرجکردنی پاداشت بۆ زیاتر لە چوار هەزار خانەنشین بە مەدەنی و سەربازیشەوە.
حوسام عەبدولستار، جێگری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (العراقیە)ی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەکە، دەست بە خەرجکردنی پاداشت بۆ خانەنشینان دەکەن.
دەشڵێت، بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەم مانگەدا خانەنشین دەکرێن و تائێستا ژمارەیان چوار هەزار و 711 خانەنشینە بە مەدەنی و سەربازیشەوە.
ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات، لەدوای 48 کاتژمێر لە وەرگرتنی یەکەم مووچەیان، دەست بە خەرجکردنی پاداشتەکانی خانەنشینان دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو، دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لە عێراق، دەستیکرد بە خەرجکردنی پاداشت بۆ شەش هەزار و 71 خانەنشینی مەدەنی و سەربازی، ئەوەش لە چوارچێوەی مووچەی مانگی ئایاردا.