مەسرور بارزانی: دەبێت دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە



سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال دەکات بۆ گەرانەوەی ئەو خێزانانەی کە ماوەی 10 ساڵە بە هۆی پەلامارەکەی داعشەوە ئاوارە بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، لە میانی راگەیاندنی پڕۆژەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال کردەوە بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە ئێزدییانەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر بە هۆی پەلامارەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

خوشكانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش

ڕۆژتان باش  و زۆر بەخێربێن

ئەمڕۆ شەڕەفمەندین کە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین . ئەگەرچی ئەمساڵ یادی دە ساڵەی ڕوودانی کۆمەڵکوژیی شنگال و دەوروبەری دەکەینەوە ، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی ئێزیدی دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەش، هێشتاش کۆتایی نەهاتووە .

ئەمڕۆ لێرە بە ڕێز و شکۆ و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشک و برایانی ئێزیدی دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکەینەوە کە  بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی ، تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد.

دوای دە ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەم هۆیەشەوە تا ئێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لەم بۆنەیەدا،  پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و ڕێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئەو میلیشیا و هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن،  پێویستە دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەکە ئاوەدان بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

ئامادەبووانی بەڕێز :

حکومەتی هەرێمی کوردستان،  هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش و هەروەها رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دەست تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووس و کارکردن بۆ رزگارکردنی هەموو ئەوانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن.

هەروەها حکومەتی هەرێم کاریشی کردووە بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە، بە پشتیوانیی  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش،داوامان کرد دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تا ئێستا لە ئاستی فیدراڵیدا، وەکوو پێویست پێشوازیی لەم هەنگاوە نەکراوە.

دەستخۆشیی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە سەربەرزی و ئازادی .

بەڕێزان:

قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش ، وێڕای ئەو هەموو ئێش وئازار و نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەوە ، بەڵام جێی خۆشحاڵی و شانازییە ، کە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ و کارکردن و کۆڵنەدان لە پێناو درێژەدان بە ژیان و زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبولی لێهاتوویی و چیرۆکێکی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەرکەوتن .

خۆشحاڵبووم کە مانگی ڕابردوو، لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، لە دهۆکـ، خەڵاتی شەڕەفی خۆڕاگریم بە یەکێک لە ڕزگاربووانی دەستی داعش دا کە ئەویش خاتوو شیرین خێرۆ خودێدا بوو کە لە زانکۆی ئەمەریکی ، زۆر بە سەرکەوتوویی خوێندنەکەی تەواو کرد و بڕوانامەی وەرگرت، بەسەرهاتی ئەو خانمە، چیرۆکێکی کەم وێنەیە، کە سەرەڕای ڕفاندن و دەستبەسەریی بۆ چەند ساڵێک لەلایەن داعشەوە، بەڵام سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی لە خوێندن و بوو بە هێما و نیشانەی خۆڕاگری خوشک و برا ئێزیدییەکانمان.

خوشک و برایانی ئێزیدی، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاون لە گەلی کوردستانن و ڕێورەسمە ئایینیەکانیشیان بە زمانی پاراوی کوردییە. سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنیان لە خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوان هەر لە دێرەزەمانەوە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی گەلی کوردستان بوون و هەرواش دەمێننەوە و بەشێکی گرنگ دەبن لەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئەم ڕێزلێنانە بەخشینێکی مانگانەیە بۆ زیاتر لە 3 هەزار خوشکی ئێزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش و بێگومان بە باشتربوونی دۆخی دارایی، ئاستی هاوکارییەکانمان بۆ ئەم خۆشەویستانە فراوانتر دەبێت. ئێمە هەموو هاوکارییەک پێشکەشی ئەم ئازیزانە دەکەین تا ژیانێکی شایستەیان هەبێت و بەشێکی بچووک لە برینەکانیان ساڕێژ بکەین، بە تایبەتی لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار و درێژەدان بە خوێندن و چارەی پزیشکیان، بە پێی توانا هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسییەکی بێ پایانی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین، دوای ئەوەی کوردستان کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، جەنابی سەرۆک بەڵێنی دا کە هەتا شنگال ڕزگار نەبێت من واز ناهێنم. بۆیە بڕیاری دا خۆی سەرکردایەتیی شەڕی ڕزگارکردنی شنگال بکات و ئێمەش هەتا شنگال ڕزگار کرا و گەیشتینە سەر چیای شنگال لە خزمەتی ئەودا بووین کە سەد ڕۆژی پێ چوو.

زۆر خەڵك هەوڵیان دا ئەم چیرۆكە بە ئاستێكی نادروست بگێڕدرێتەوە، تەنیا ئەوە بزانن کە ئێزدی و خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی، هەموو كاتێك لە دڵی جەنابی سەرۆكدا بوون و جەنابی سەرۆك لە هەموو كەسێك زیاتر خەمخۆری ئێزدییاندا بووە و ئەو خۆی و هەموو كەس و كار و پێشمەرگەكانی، ئەوەی پێی كرا، كردی تاوەكوو سەربڵندی و كەرامەتی ئێزدییان بگەڕێنێتەوە و تیرۆریستانی داعش بشكێنێت. جێی خۆیەتی سوپاسێكی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە چەندین پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی تاكوو شنگالی بندەست ڕزگار بكرێت.

ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خۆڕاگریی گەلی ئێمەی ئێزدی بكەین، سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانە، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی كە بەرامبەر بە ئێوە كراوە، خۆڕاگربوون، نە ناسنامەی خۆتان دۆڕاند، نە هێڤی و ئومێدی خۆتان دۆڕاند.

ئینشائەڵڵا خوا ئێوە هەر سەرفراز بكات و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت، خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدیش لە ژیانێكی سەربەرز و ئازاد دا بژین.

لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییان و هەموو کوردستان دادەنوێنین.

 

ئاگادارییەک لەبارەی کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی
پێت ئاگادارییەک لەبارەی کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی
لەنێو پاشماوەی گڕکان کشتوکاڵ ئەنجامدەدرێت
دوات لەنێو پاشماوەی گڕکان کشتوکاڵ ئەنجامدەدرێت
پەیوەندیدار