بڕیارە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، کێشە داراییەکان و مووچە و پرسی پارێزگاری کەرکووک لە نێو ئەو دۆسیەیانەدا دەبن کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا تاوتوێیان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوست بڵاویکردەوە، سبەینێ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و ئەوەش بە یەکەم سەردانی ناوبراو دادەنرێت لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بۆ بەغدا ئەنجامی بدات.
ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانووستاند لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان ئەنجام دەدات بۆ چارەسەرکردنی کۆتایی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ڕوونیشیکردەوە کە کێشە داراییەکان، مووچەی فەرمانبەران، یاسای نەوت و غاز، دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، پرسی پارێزگاری کەرکووک، ڕێککەوتنی شەنگال، لەشکرکێشییەکەی ئەمدواییەی تورکیا بۆ دهۆک و ئەگەری بەئامانجگرتنی هەولێر لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە نێو ئەو بابەتانەدان کە مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکاندا تاوتووێنا دەکات.