پلەکانی گەرمی چەند پلەیەک دادەبەزن و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: بەهۆی بارستە هەوایەكی دەریای ناوەڕاستەوە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كەشی هەرێم فێنك دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی سێ شەممە 2/7/2024 ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت و لە ئەنجامی کاریگەری بارستە ھەوایەک لەتورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکان بەرێژەی 3 تا 4 پلە نزمدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، خێرایی با کاتەکانی پاش نیوەڕۆ چالاک ئەبێت 10-35کم/ک و پلەی گەرما لە هەولێر و هەڵەبجە و ڕاپەڕین 39 پلە، سلێمانی و زاخۆ 37 پلە، سۆران 36 پلە و دهۆك 38 پلە و گەرمیان 41 پلە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ڕۆژی پێنج شەممە 4/7/2024 کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە لەسەر کەشی ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە.