وەزارەتی شارەوانی سەبارەت بە بەهەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت، ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە و لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە، کە ڕای ئێمە ئەوەیە دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ڕای گشتی و بە تایبەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنین، كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پابەندە بە ڕێكار و یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.
ڕاشیگەیاندووە، ئەوەی لەڕووی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتمان بووبێت كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتووشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەو بابەتەوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەگەر هەر سەرنجێکیشمان هەبووبێت، ئەوا لەبەر بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست بووە و لەبەر ئەوە بووە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە ١٤٠٠٠ فەرمانبەر زیاترە و ویستراوە، کە باشترین وردەکاری تێدا بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت.
ئاشكراشی كردووە، ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە و لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە، کە ڕای ئێمە ئەوەیە دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە، نەوەک بە ناونیشانێک کە لەگەڵ خوێندن و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانە یەکناگرێتەوە.