سەرەڕای ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی و دابەزینی بەهای دۆلار بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك، بەڵام جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ سەروو 148 هەزار بەرزبووەوە.
دانا وەرتی، شارەزای بواری زێڕ و دراو لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چەند جارێك بەهای دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئێستا 100 دۆلار بە 148 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهای دۆلار دوو ڕۆژە ناجێگیرە و ئەمڕۆ بەهاكەی بەرزبۆتەوە و لە ئێستادا بەهای 100 دۆلار گەیشتۆتە 148 هەزار دینار.
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە لەگەڵ هاتنی پشووەكانی جەژنی قوربان و نەخستەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و چەند ڕۆژێك دوای پشووەكە نرخەكەی دابەزییەوە بۆ 146 هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا دووبارە نرخەكەی بەرزبۆتەوە.