لەمەودوا کارتی نیشتمانیی رەنگاوڕەنگ دەدرێتە هاووڵاتییان و وەزیری ناوخۆی عێراقیش دەڵێت، بە هیج جۆرێک ساختە ناکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، عەبدولئەمیر شممەری وەزیری ناوخۆ، کارگەی چاپی ڕەنگاوڕەنگی کارتی نیشتمانیی کردەوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دروستکراوە.
شممەری ڕایگەیاند، کارگەکە پێداویستییەکانی عێراق بۆ چاپکردنی کارتی نیشتمانیی بە تایبەتمەندی زۆر پێشکەوتوو دابین دەکات کە بە هیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی کە لەمەودوا داواکاری پێشکەش دەکەن، کارتی نیشتمانیی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ چاپ دەکرێت و ئەوانەش کە ماوەی کارتە کۆنەکانیان بەسەردەچێت بۆیان دەکرێت بە ڕەنگاوڕەنگ.
وەزیری ناوخۆی عێراق ڕاشیگەیاند، تا ئێستا 39 ملیۆن کارتی نیشتمانیی چاپکراوە کە کراوەتە تاکە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ ڕاییکردنی مامەلەکان و بە خستنەگەڕی کارگە نوێیەکەش، گرفتی دواکەوتنی دەرکردنی چارەسەردەبێت.