دەستەی حەج و عومرەی عێراق وادەی ناونووسین و تیروپشکی بۆ خوازیارانی حەجی ساڵی ئایندە دیاریکرد و دەڵێت”ئەوانەی ئەمساڵ نەیانتوانی بچن بۆ حەج ساڵی ئایندە دەچن”.
سامى مەسعودى، سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق لە فڕۆکەخانەى بەغداد، لەدوای گەڕانەوەی کۆتا کاروانی حاجیان لە سعودیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە رووى دابینکردنى خزمەتگوزاریى و ئاسانکارییەکان بۆ حاجیان، پلەى یەکەمى لە ناو وڵاتانى بەشدار لە حەجى ئەمساڵ بەدەستهێناوە و لەلایەن وەزارەتى حەجى سعودیەوە خەڵاتکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وەرزی حەج کۆتایی هات و مانگى داهاتوو تیروپشک بۆ خوازیارانی نوێی حەج دەکەن بۆ ساڵی ئایندە، ئاشکراشیکرد، لە تیروپشکى رابردوودا بۆ حەجی ئەمساڵ نیوەى ئەو ناوانەی دیاریکرابوون ماونەتەوە و لەگەڵ نیوەى ئەوانەى ناویان دەردەچێت بەشداریى حەجى ساڵى داهاتوو دەکەن.
جێی باسە هەر ئەمڕۆ دوایین کاروانی حاجیانی کوردستان کە ژمارەیان 150 حاجییە گەڕانەوە.
جێی باسە بۆ حەجى ئەمساڵ 39 هەزار حاجیى عێراقى بەشداریى فەریزەى حەجیان کرد، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 حاجییان دانیشتووى هەرێمى کوردستان بوون، هاوکات30 حاجیی هەرێمى کوردستان لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەج گیانیانلەدەستدا.