وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشكرای دەكات، بڕیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینان لە سبەینێوە جێبەجێ دەکرێت و لە ١ی تەمموزەوە بڕی ١٥٠ هەزار دینار دەخرێتە سەر مووچەکانیان.
نەجم عەقابی، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاندووە، بڕیاری زیادکردنی مووچەکانیان سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە، کە مووچەکانیان لەخوار ٧٠٠ هەزار دینارەوەیە.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێکارەکانی زیادکردنەکە مووچەی سەرجەم کرێکارە خانەنشینکراوەکانیش لەخۆ دەگرێت بە بنەماڵەی خانەنشینەکانیشەوە.
دەشڵێت: لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ خێزان چاوەڕێی ئەوەن بخرێنە ناو مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی داهاتوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەگوێری بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی ناوەکانیان بۆ بەغدا بنێرێت بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.
ڕاشیگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دڵنیایی پێداوین، کە ڕۆژی چوار شەممە بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بخاتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.