ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تاكە رێگا دەزانێ بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت: دەبێت هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بن بۆ تەوتینی مووچە و هاوتاكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە بەرواری 30/6/2024 ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و بە ئامادەبوونی د. هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و د. محەمەد ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری و ئەندامانی ئەنجوومەن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە شاری هەولێر ئەنجامدا
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی یەكگرتووی ئیسلامی، ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی پێشوازی كرد لە دیاری كردنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری (20/10/2024) و هەڵبژاردنی بە تاكە رێگا زانی بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو جەختی كردەوە لەسەر “ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و بەچاودێری و بەشداری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان”.
ئەنجوومەنی جێبەجێكردن پرسی مووچە و خزمەتگوزاری هاوڵاتیانیان تاوتوێكرد و جەختی كردەوە لەسەر “دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیانی كوردستان لە كاتی خۆیدا ئەویش بە پابەندبوونی هەردوو لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نیشتمانی كردنی مووچە و مسۆگەركردن و یەكسانكردنی مووچەی فەرمانبەران بەتایبەت مووچەی خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی “.