جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “داوایان لە وەزارەتەکان کردووە لەمەودوا زووتر لیستی مووچە ئامادە بکەن و دەشڵێت: یەکێتی بەپێی ئەو دەنگە زۆرەی بەدەستی هێناوە مافی خۆیەتی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سەردانەكەی بۆ چەمچەماڵ لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەبێت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دیاری بکرێت و هیوادارن ئەمە خاڵی ڕێککەوتنی لایەنە براوەکانی ئەو پارێزگایە بێت، لەوەش گرنگتر یەکڕیزی لایەنە کوردییەکانە.
وتیشی، “یەکێتی بەپێی ئەو دەنگە زۆرەی بەدەستی هێناوە مافی خۆیەتی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بکات”.
قوباد تاڵەبانی، لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە وتی، “چاوەڕوانی ئەنجامی وردبینی لیژنەی چاودێریی دارایی عێراقین و هەرکات وردبینییەکە تەواوکرا مووچەکە خەرج دەکرێت”.
وتیشی: “لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو کێشەیە نامێنێت و لەکاتی خۆیدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە خەرج دەکرێت”.