مەسرور بارزانی: پێویستە عێراق وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکات



سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە ڕێکارەکانی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە، بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی بە تێچووی 26 ملیار دینار دانا کە توانا هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.

مەسرور بارزانی لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، هەڵەبجە بووەتە سیمبولی ستەمکردن لە خەڵکی کورستان و پێویستە هەرچی زووە ڕێکارەکانی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت.

ئەمەش دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن

زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی تر توانیم بێمەوە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. من بەخێرهاتنێكی تایبەتی وەزیری بازرگانیی حكومەتی فیدڕاڵی دەكەم بۆ شاری هەڵەبجەی خۆشەویست. زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم جارێكی تر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە بێینەوە خزمەتی خەڵکی خۆشەویست و نیشتمانپەروەری هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بە پێی مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵک و جووتیارانی ئەم دەڤەرە.

حەفتەی ڕابردوو، شاندێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پاڵپشتیی پارێزگەی هەڵەبجە كە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی پارێزگەی هەڵەبجە پێكهاتبوون، سەردانیان کردین و گفتوگۆیەکی بە سوودمان کرد لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پارێزگەی هەڵەبجە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان و بنەما و ژێرخانی ئابووری لەم دەڤەرەدا، بە شێوەیەک كە وا بکەین خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق و دەوروبەریش بۆ کاروباری بازرگانی، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە دەبێت کە هیوادارم کەرتی تایبەتیش لێرە و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئابووری لە پارێزگەی هەڵەبجە. هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت، لەم ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن.

هەڵەبجە وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و زوڵم و ستەمێکی زۆری لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لێ کراوە و بووەتە سیمبولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی ڕژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بە گشتی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا.

بەڕێزان:

دروستکردنی ئەم سایلۆیە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی جووتیارانی ئەم دەڤەرە و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کە ئەم ناوچەیە لەم ڕووەوە زۆر دەوڵەمەندە و بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی یان گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستەبەر دەکات. لەم ڕووەوە هەرچی لەسەر حکومەت بێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگەیە، درێخی ناكەین.

هیوادارم هەڵەبجە و کوردستان بە گشتی، هەمیشە هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتردا بن.

زۆر زۆر بەخێر بێن

 

خالید شوانی: مووچە هیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی نییە
پێت خالید شوانی: مووچە هیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی نییە
قوباد تاڵەبانی: ساڵانێکی زۆرە دانیشتووانی چەمچەماڵ بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن
دوات قوباد تاڵەبانی: ساڵانێکی زۆرە دانیشتووانی چەمچەماڵ بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن
پەیوەندیدار