قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە و ڕایگەیاند، ساڵانێکی زۆرە دایشتووانی چەمچەماڵ بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە سەردانێک گەیشتە چەمچەماڵ و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی ٧٨ ملیۆن دۆلار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی٧٣٠ رۆژدا تەواو بکرێت. جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: دانیشتوانی چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بە دەست کیشەی ئاوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵیشە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەن.
وتیشی: نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت و داوایکرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، چونکە ئەمە سەرەکیترین داواکاری و مافی دانیشتوانی چەمچەماڵە.