وێنەگری کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە نامەیەکدا نیگەرانییەکانی خۆی لە بەرپرسانی هەرێم دەردەبڕێت و دەڵێت، “قوربانییانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و بەدەمەوە نەهاتنی دادپەروەرانە، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە و هەندێكجاریش مافەكانیان پێشێل دەكرێت”.
دەقی نامەکە: بەبۆنەی ساڵیادی بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ڤایرۆسی، نامەیەكی كراوە (دكتۆر ئەحمەد ناتقی) بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی عێراق.
هاووڵاتییانی هەڵەبجە، بەرپرسان و ئازادیخوازانی دونیا
سڵاو و ڕێزی بێ پایان بۆ هاووڵاتیانی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراق، درود بۆ گیانی پاكی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید كە بە بەخشینی خوێنی خۆیان، ڕاوەستاوی، بەهێزی و عیززەتی كوردستان یان تێر ئاو كرد، وە درود بۆ سەرجەم ئەو كەسانەی كە لە سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ سەربەرزی گەلی كورد تێدەكۆشن.
من ئەحمەد ناتقیم، كەم كەس هەیە كە هەڵەبجە بناسێت و ناوی بەندەی نەبیستبێت، كەم تاوانباریش هەیە كە بەرهەمەكانی من توڕە و نیگەرانی نەكردبێت.
من، ئەو چەند وێنەیەی (هەڵەبجە) كە لە مێژووی تاوانی مرۆڤایەتی دا دەگمەنن، تۆماركرد و بوونە هۆی ئیدانەكردنی تاوانبارانی جەنگیی وەك: سەدام حسێن و علی حەسەن مەجید، گیانی خۆمم خستەمەترسی و ئەمرۆ برین و ئاسەواری گازی كیمیایی ئەو تاوانبارانە لەسەر گیانم نیشتووە و دەركەوتووە.
ئێستاش لەپێناو سەلماندنی ستەملێكراویی هاووڵاتییانی كوردی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت هاووڵاتییانی هەڵەبجە، وای لە بەندە كرد كە بە زمانێكی دیكە لەگەڵتان بدوێم.
دەمەوێت لەبارەی بوونی دەستانی شاراوە لە ئەنجامنەدانی خزمەتگوزاری، لە سەرزەمینی سادە و خەڵكانی بێگەردی هەڵەبجەوە بدوێم، بەهەمان ئەو شێوەیەی كە هاواری ویژدانم وای لە من كرد كە شاری هەڵەبجەی بێ دۆست، بۆ ڕزگاركردنی چەندین مرۆڤ، كە نە هاووڵاتی، هاو نەتەوە و هاوزمانی من بوون، گیانی خۆم بخەمە مەترسیەوە.
هەر لە سۆنگەی هەمان هەست و ئەركەوە، هۆشدارییەك بە ئێوە بگەیەنم.
ئێوەی بەڕێز، كە هەمیشە منتان شەرمەزاری میهرەبانییەكانی خۆتان كردووە، یەكێك دەڵێت كە شەقامێك بكەین بە ناویەوە، یەكێكی دیكە باس لە نەخۆشخانە و زانكۆ و ئەو بابەتانە دەكات، تەنانەت كیژۆڵەیەك كە لەو ڕۆژە سەخت و دەردناكەدا بە دەستەكانی خۆم گواستمەوە بۆ شوێنێكی ئارام، دوای بوونی بە دایك، ناوی من لە منداڵەكەی دەنێت، یان ڕزگاركردنی منداڵێك كە ئەمڕۆ لە پەڕلەمانی كوردستان نوێنەرایەتی چەندین دەنگی كورد دەكات، هەموو ئەوانە گەواهی ئەوە دەدەن كە بەندە بەبێ پشت بەستن بە زمان، نەتەوە، نیشتیمان، بووم بەبەشێك لە ئێوە و ناتوانم بێدەنگ ببم.
هەڵەبجە، لەڕابردوودا گوندێك و لە ئێستادا پارێزگایەك، لێوانلێوە لە نیعمەت، خاڵی بەهێز، جوانی سروشتی و خودا دادی كە دەتوانێك ببێتە سەرچاوەی گەشەسەندنی ناوچەكە و وەك نگینی زێڕینی هەرێمی كوردستان، ببێتە ناوەندی یەكگرتوویی، پێكەوەیی، هاوكاری، گەشە، ئاوەدانی، خۆشگوزەرانی و تێكۆشان.
بوونی سەرمایەگەلێكی مرۆیی، كەسانی شارەزا و نوخبەكان و لێهاتووەكانی هەڵەبجە، هۆكارێكی دیكەی گەشەسەندنی ئەو پارێزگایەن، بەڵام بەداخەوە كە سەرباری بوونی ئەو سەرچاوە بەنرخانە، لەو شارەدا هەژاری، گەشەنەسەندویی، نادادپەروەری و بیكاری دەبینین.
بەهۆی نەبوونی ئیرادەی بەهێزی بەرپرسان بۆ سەرمایەگوزاری لەبواری فەرهەنگی كە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابوری و كۆمەڵایەتی ناوچەكە، لە ئێستادا هەڵەبجە دووچاری چەندین كێشەیە، بێكاری، نەبوونی كارگەی گەورە، بوونی ستەم، نەبوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ سەرمایەگوزاری و بەتایبەتی لە بواری فەرهەنگی، بووەتە هۆی هەڵهاتنی سەرمایەی ماددی و مەعنەوی، كۆچكردن و هەڵهاتنی نوخبەكان و كەسانی شارەزا لە پارێزگای هەڵەبجە.
لەلایەكی دیكەشەوە، سەرەباری ئەوەی كە هەڵەبجە خاوەنی كەسانی بەتوانا و شارەزای فەرهەنگی، هونەری، زانستی و بوونی كەسانی شاد و شایستە، سروشتی جوان و گەشاوە، بەڵام بەهۆی هۆكارگەلێكی وەك: بێكاری، هەژاری، ناهاوسەنگی ئابوری، كۆمەڵایەتی و سیاسی، كێشەكان ڕوو لە زیادبوونن.
قوربانییانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و بەدەمەوە نەهاتنی دادپەروەرانە، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە و هەندێكجاریش مافەكانیان پێشێل دەكرێت. دادوەری و لێكدانەوەی هەڵە و ناتێگەیشتن و سیاسەتی ناڕوون و دوفاقی، فرسەتە سیاسی، فەرهەنگی و ئابوریەكانی كوردی لەنێو بردووە.
بە وتەی هێرۆخان، خانمی یەكەمی هەرێمی كوردستان و زۆرینەی دیكەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئەم ئەحمەد ناتقی و بەرهەمە بێ وێنەكانی ئەو بوون كە (كارەساتی) هەڵەبجەی بە دونیا ناساند، بەڵام ئەمڕۆ، ئەحمەد ناتقی لە ڕەفتار و هەڵوێستە دوفاقیەكانی ئەو بەڕێزانە نیگەرانە، چونكە هەر ماوەی نا ماوەیەك، تەنها بۆ ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە و بڵاوكردنەوەی لە ڕاگەیاندنەكان، بەندە بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكەن و باسی بەناوكردنی شەقام و دروستكردنی پەیكەری بەندە دەكەن لە شاردا و وتاری جۆراوجۆر دەدەن.
لەكاتێكدا كە مۆزەخانەكانی دونیا، وەك بەڵگەنامەیەكی گرنگی مێژویی، لەدوی كامێراكەی بەندە دەگەڕێن، مۆزەخانەی هەڵەبجە لەبری پێزانین، ڕێزگرتن و سوپاس كردنی بەندە و دانانی كامێراكەم لە مۆزەخانەكەیان، كامێرایەكیان داناوە كە وێنەگرەكەی تەنها یەك دوو وێنەی بێ كوالێتی (كارەساتی) هەڵەبجەی پێگرتووە.
هاووڵاتییانی بەشەرەفی كوردستانی عێراق، خەڵكی ستەملێكراوی هەڵەبجە، لەكاتێكدا كە وڵاتی یابان، بە ئاماژەدان بەبەڵگەنامەیەك كەلەبەردەستدا نییە، مۆزەخانەیەكیان لەبارەی بۆمبارانی هێرۆشیما دروستكردووە و بەفەراهەم كردنی خزمەتگوزاری نایابی وەك فڕۆكەخانە و ئوتێل و … هتد، زەمینەیەكی بێ وێنەیان بۆگەشتیاران و بەدەستهێنانی سەرمارەیەیەكی زۆر فەراهەم هێناوە، بەڵام بەرپرسانی كوردستان، سەرباری بەردەست بوونی ئەو هەموو بەڵگەنامەیە لەسەر كیمیاییبارانی شاری هەڵەبجە و جەختكردنەوەی چەندبارەی بەندە بۆ ڕاوێژكاری و هاوكاری، هیچكات سودیان لەم وزە شاراوە بەهێزە وەرنەگرتووە تا بە سازاندنی زەمینەیەكی فەرهەنگی، دروستكردنی مۆزەخانەیەكی شایستە، فڕۆكەخانە و سەرجەم خزمەتگوزاریەكانی دیكە، هەلومەرجێك بۆ گۆڕانكاری ئابووری لەم ناوچە جوگرافیە بێ وێنەیە بڕەخسێنرێت و دانیشتوانی هەڵەبجە لە هەژاری، بێكاری و كۆچكردن ڕزگار بكات.
ئاڕاستەكردن و سیاسەتی دروست و دوربین بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەكان، یەكێكە لە داواكارییە سەرەكی و لەمێژینەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
سوودوەرگرتن لە توانا بەهێزەكان بۆ ڕاكێشانی سەرمایە، فراوانكردنی ڕێگاكان و دروستكردنی فڕۆكەخانە و فەراهەمكردنی پێویستییە سەرەكیەكان بۆ ڕكابەری فەرهەنگی لەپێناو گەشەكردن و ئاوەدانیی پارێزگای هەڵەبجە، لەمێژوودا تۆماردەكرێت و دەمێنێتەوە.