نرخی بەنزین لەماوەی هەفتەیەكدا دوو جار گران كرا و بڕی 50 دیناری بۆ یەك لیتر چۆتەسەر و شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێت: هاتنی گەشتیار و هەڵكردنی فێنككەرەوە و زۆربوونی خواست، نرخی بەنزینی بەرزكردۆتەوە.
لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەژنی قورباندا، نرخی بەنزین بۆ هەر جۆرێكی بڕی 25 دینار بۆ لیترێكم بەرزبووەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا بڕی 25 دیناری دیكەی چۆتە سەر و ئێستا لە بەنزینخانەكانی هەولێر و سلێمانی نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بووە بە 850 دینار و موحەسەن بووە بە 1050 دینار.
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت و سووتەمەنی ڕایگەیاندووە، هۆكاری سەرەكی بۆ زیادبوونی نرخی بەنزین پەیوەستە بە زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین بەتایبەت، كە هەزاران گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و وەرزی گەشتیاری دەستی پێكردووە.
ڕاشیگەیاندووە، هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە، كە وەرزی هاوین دەستی پێكردووە و بەهۆی گەرماوە بەنزینی زیاتر بەكاردەهێنرێت بەتایبەت بەهۆی كارپێكردنی فێنككەرەوەی ئۆتۆمبێلەوە.