یەكێتیی خانەنشینان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشدارییان دایە هەردوو حکومەتی هەرێم کە پەلەبکرێت لە هاوتاکردنی مووچەکانیان و دەڵێن” تا ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەموز مۆڵەت بە حکومەت دەدەین”.
لە بەیاننامەیەکدا یەکێتی خانەنشینان ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەن و دەڵێن: پشتبەستوو بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کە لە مانگەکانی ڕابردوو لەسەر هاوتاکردنی مووچە بە ناوەندەوە داویەتی، داوا دەکەین لیستی مووچەکان بە هاوتاکانەوە بدەن کە لە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 دانراوە و بنێردرێت بۆ بەغدا.
داواکاری دووەم : پرۆسەی تەوتین بەپێی بڕیاری داگای باڵا بۆ هەردوو حکومەت دەستوبردی تیابکرێت، ئیمە لەڕووی قەزائییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین چونکە تەوتینی مووچەکانمان زەمانەتە بۆ ئایندە و مووچەکانمان.
داواکاری سێیەم: ڕێکخستنەوە بکرێت بۆ دۆسییەی خانەنشینانی هەرێم کە گوماناوییە و لیستی یاسایی و نایاسایی لێک جیابکرێتەوە، و ئەوە پرۆسەیەکی تەواو ئاسانە و ئێمەی ئاسایی با بە ئاگری بندیوار نەسوتێین.
داواکاری چوارەم: پێویستە قەرەبوی مووچە فەوتاوەکانمان بکەنەوە، کە لە ڕابردوودا فەوتاوە، هەروەها پێویستە کارکردن بە مادەی 27 ساڵی 2006 ڕابگیرێت ، کە لە ئێستادا لە عێراق کاری پێناکرێت و بەرکارە لە هەرێم، پێویستە کار بە یاسای گشتی خانەنشینان بکرێت ئەگەر وانەکەن و بەپێی بڕیاری 212 لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە.
داواکاری پێنجەم: لە ئەمڕۆوە تا ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووز مۆڵەت دەدەینە حکومتی هەرێم و عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە، ئەگەر نا ئەوا دوای ئەو ماوەیە ڕێگای تر دەگرین و ناچار دەبین لە دادگای باڵا سکاڵای یاسایی تۆماربکەین لەسەر لایەنی کەمتەرخەم لەم بابەتەدا، خوازیارین بەهیچ جۆرێک نەگەینە ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێین.
لە کۆتایشدا دەستەی باڵای یەکێتی خانەنشینان ئاماژەیان بەوەدا، بێ چوونە ناو هیچ ئەجندایەک ئامادەی هاوئاهەنگین لەگەڵ سەرجەم دەستەکان بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم داواکارییانە و جێبەجێکردنیان.