ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای دەکات، کە لە هەر سێ کەسێک لە سەرانسەری جیهاندا یەکێکیان “وەرزشێکی کەم ئەنجام دەدات” و تەندروستی لە مەترسیدایە.
تەمبەڵی نزیکەی یەک ملیار و 800 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە سەرانسەری جیهاندا بەرەو مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم، جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، شێرپەنجە و بیرچوونەوە دەبات.
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، پێویستە هەفتانە بەلایەنی کەمەوە 2 کاتژمێر و نیو وەرزشی مامناوەند ئەنجام بدەیت، کە دەکاتە تەنها 22 خولەک لە ڕۆژێکدا، بەڵام 31%ی خەڵک ئەم ڕێنماییە جێبەجێناکەن.
لەم بارەیەوە، ڕودیگەر کرێش، بەڕێوەبەری بەرەوپێشبردنی تەندروستی ڕێکخراوەکە، وتی: “ناچالاکی جەستەیی هەڕەشەیەکی بێدەنگە بۆ سەر تەندروستی، هۆکارە لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان”.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاستی ناچالاکی لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2022 بە ڕێژەی 5% زیادیکردووە، ئەمەش ڕەوتێکی نیگەرانکەرە.
ئەگەر بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 ئاستی ناچالاکی بگاتە 35% و لە ئێستادا جیهان دوورە لە گەیشتن بە ئامانجی جیهانی کەمکردنەوەی بێچالاکی جەستەیی تا ساڵی 2030.
ناچالاکی جەستەیی گەورەکان بەرەوڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان وەک جەڵتەی دڵ و مێشک، شەکرەی جۆری دوو، نەخۆشی بیرچوونەوە، شێرپەنجەکانی وەک مەمک و قۆڵۆن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە توێژینەوەکەى ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەدەستی هێناوە، بەرزترین ڕێژەی ناچالاکی جەستەیی لە ناوچە داهات بەرزەکانی ئاسیا و زەریای هێمن 48% و باشووری ئاسیا 45% بەدی کراوە و ئاستی ناچالاکی لە ناوچەکانی دیکە لە نێوان 28%بووە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی داهات بەرز بۆ 14% لە ئۆقیانووس.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی نیگەرانی ئەنجامەکانە ئەوەیە کە هێشتا جیاوازی لە نێوان ڕەگەز و تەمەندا هەیە، هێشتا ناچالاکی جەستەیی لەنێو ژناندا زیاترە و دەگاتە 34% لە جیهاندا بەراورد بە پیاوان کە ڕێژەی ناچالاکی دەگاتە 29%.
جگە لەوەش ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە، کەمتر چالاکن لە چاو کەسانی دیکە، ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی پێشخستنی چالاکیی جەستەیی بۆ کەسانی بەساڵاچوو دەکاتەوە.