وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا. هاوکات لەبارەی مووچەوە دەڵێت: ئەمڕۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بوو.
پێشهوا ههورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (کوردستان ٢٤)ی راگەیاند: پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران خرایە دەنگدان، تیمی یەکێتیی لەگەڵ ئەو وادە نوێیە نەبوون، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ وادەکە پەسەند کرا.
لەبارەی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بۆیە پێویستە هەموو مانگێک لیستی مووچە بۆ بەغدا بنێردرێت، چونکە گۆڕان لە مووچەکان ڕوو دەدات؛ بۆ نموونە، ئەفسەرێک پلەکەی بەرز دەبێتەوە مووچەکەی زیاد دەکات. مانگانە لیستەکان جیاوازن. ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان تەواو بوو، بڕیاڕ بوو ئەم ئێوارەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.
لەبارەی “هەژماری من”، هەورامانی ئاشکرای کرد، لە پرۆژەی “هەژماری من” هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە و لە داهاتوودا فەرمانبەران زیاتر هەستی پێ دەکەن کە ئەم پرۆسەیە چەندە باش و سەرکەوتووە. لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 95%ـی فەرمانبەر بەشدارییان کردووە، لە دهۆک 82%، لە سلێمانی 28%، تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 400 هەزار کەس لە پرۆسەکە بەشدارییان کردووە، دڵخۆشین لەوەی پرۆسەکە بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت.
وتیشی:”ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە، بۆ مانگی داهاتووش ژمارەکە دەبێتە دوو هێندە”.