كۆمەڵ و یەكگرتوو هەڵوێستیان لەسەر وادەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند



هەریەكە لە كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی هەڵوێستیان لەسەر مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دیاری كردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 ڕاگەیاند و جەختدەكەنەوە، “چیتر لە ژێر هیچ فشارێکدا هەڵبژاردن دوانه‌خرێت”.

کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان، چیتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوانەخرێت.

ڕاشیگەیاندووە، سه‌باره‌ت به‌ مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ئومێدئه‌كه‌ین ئه‌مه‌ كۆتا مه‌رسوم بێ و چیتر له‌ژێر هیچ فشار و پاساوێكدا دوانه‌خرێت و ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن.

دەشڵێت: “ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بووین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێ بۆ پاراستنی پێگه‌ی هه‌ریم و حورمه‌تی دامه‌زراوه‌كانی”.

لای خۆشیەوە، خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاندووە، ئێمە وەك یەكگرتوو ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەداخەوە 4 مەرسوم دەركراوە هەڵبژاردن نەكراوە نیگەرانین لەو هەموو دواخستنە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت یاری بەبنەمای دیموكراسی و پێویستی نیشتیمانی و ویستی گەل بكرێت و داوا دەكەین هەموو لایەنەكان ئامادەبن بۆ هەڵبژاردن لە و وادەی دیاری كراوە زیاتر دوانەكەوێت.

باسی لەوەشكرد، هەردواخستنێك كۆمەڵێك ئاڵۆزی لێكەوتۆتەوە، بۆیە ئێمە هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردن نین و پێویستە كۆتایی بێت بەدەركردنی مەرسوم و درێژكردنەوەی تەمەنی دامەزراوەكان.

وتەبێژی یەكگرتوو وتیشی: دیموكراسی مانای خۆی نابێت ئەگەر هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن نەكرێت، دامو دەزگاكانی هەرێم لەژێر پرسیاردان بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنی یاساییان، بەبێ هەڵبژاردن لەم قۆناغە ئاڵۆزە دەربازمان نابێت، بۆیە پێویستە ئەمجارە بیانۆ نەگیرێت بۆ دواخستن.

خەلیل ئیبراهیم جەختیكردەوە، “ئێمە وەك یەكگرتوو هەمووكات ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، ناشبێت لایەنێك بەدڵی نەبوو هەڵبژاردن دوابخات و خۆشی بەپاڵەوان نیشان بدات، چونكە نەیهێشتووە هەڵبژاردن بكرێت”.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی ئارامترین شاری عێراقه‌
پێت هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی ئارامترین شاری عێراقه‌
حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
دوات حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
پەیوەنیدر