جارێكی دیكە لە شارۆچكەی جوانڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گرژی و ئاڵۆزی سەریان هەڵدایەوە و خۆپیشاندەرێك شەهید بوو.
لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ٧كەس لە خۆپیشاندانەكانی جوانڕۆدا دوێنێ گرژی و ئاڵۆزی سەریانهەڵدایەوە، لەوێ بورهان ئەلیاسی هاووڵاتی و خۆپیشاندەر لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە ئەمنییەكان گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بورهان ئەلیاسی، دووكاندار و تەمەن ٢٢ ساڵە، دوای پێكرانی شانی بە گوللەی هێزە حكومەتییەكان، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە كە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.
لە كاتی دەستڕێژی هێزە حكومەتییەكان لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە، سەرەڕای گیان لەدەستدانی بورهان ئەلیاسی، ٨ هاووڵاتی دیكەش بەسەختی بریندار بوون.
لەنێو بریندارەكاندا منداڵێكیش هەیە و باری تەندروستی دوو كەس لەوان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.