جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، زانیاری نوێ لەسەر ناردنی مووچەی هێزەئەمنییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت:” سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەکەیان دەگات”.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بە هەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو، مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات، هیچ کێشەیەک بۆ خەرجکردنی نییە و پارەکە خەرج دەکرێت.
دەشڵێت:”حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی هەردوو مانگەکانی 5 و 6ی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە خەرج بکرێن؛ بەڵام نازانرێت بەغدا پابەندی ئەو داوایە دەبێت یاخود نا.”
سەبارەت بە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان وتیشی:”چاوەڕەوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بگات”.