بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمریكا كۆبوونەوە



شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لەگەڵ شاندی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانان كۆبوونەوە و هەڵسەنگاندنی مانگانەیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەختیان لە پەلەكردن لە پڕۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە كردەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ٢٥ی حوزیرانی ٢٠٢٤ لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی و ڕاوێژکاری وەزارەت و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.

شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە، کە پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارییەتیە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان.

ئاماژە بەوەشدرا، پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی گۆشکراو بە بیروباوەڕە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانە و بەردەوام بوونیشیان لەسەر هەنگاوەکانیان دووپاتکردەوە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەلایەن خۆیانەوە، تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، بەگرنگیەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە.

ئاماژەیان بەوەدا، کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن.

بە ڤیدیۆ؛ كۆماندۆی كوردستان چەند حەشارگەیەكی داعش خاپوور دەكەن
پێت بە ڤیدیۆ؛ كۆماندۆی كوردستان چەند حەشارگەیەكی داعش خاپوور دەكەن
تا نزیكەی 10 ڕۆژی داھاتوو گەرمای زۆر نابێت
دوات تا نزیكەی 10 ڕۆژی داھاتوو گەرمای زۆر نابێت
پەیوەنیدر