وەزارەتی تەندروستی و داواكاری گشتی هەرێم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشیان پێكهێنان لەسەر “دیاردەی لەباربردنی كۆرپەلە” لە هەولێر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆرشە كۆمەڵایەتییەكان، ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە، كە تێیدا باس لە لەباربردنی چەندین كۆرپە و بەخاكسپاردنیان لە ناو گۆڕستانێكی هەولێر دەكات و ئەوەش دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ڕای گشتی لێكەوتەوە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ بەدواداچوونی ڕاستی و دروستی و هۆکار و ئاستی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە دیاردەی لەبارچوونی کۆرپە و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا، بڕیاریاندا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەدەرەنجامەکان.