عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
بەداخەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە ماوە ماوە گوێبیستی نقومبوونی بەلەمێک یان یەختێک لە دەریای ئیجە یا کەناراوەکانی یۆنان و ئیتاڵیا دەبین، هەر زوو لەگەڵیدا هەواڵی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە کورد دەبین، کە زۆربەیان خەڵکی هەرێمی کوردستان دەردەچن.
هاوزەمان بەرپرسە باڵاکان دەکەونە فرمێسکڕشتن و فەرمان لە دوای فەرمان دەردەکەن، بۆ بەدواداچوون و هێنانەوەی تەرمەکان، هەڵایەکی ئەوەندە گەوورەش لە ڕاگەیاندنەکان دروستدەکەن گوایە زۆر خەمیانە و پەرۆشی ئەو قوربانیانەن، ئیتر دەیان شانامەش بۆ ئەوە دروستدەکەن، بەوە دەیانەوێت وا نیشانی خەڵک بدەن، کە ئەوان خەمخۆرن و دڵیان بۆ ئەوانە دەسوتێت.
لە ڕاستیدا من ئەوە بە خۆڵ لە چاوکردنی کۆمەڵانی خەڵک دەبینم، چونکە ئەوانەی ئەو ڕێیە بێکۆتایە دەگرنەبەر و خۆیان لە قەرەی ئەو مەترسیە دەدەن، بێهۆکار و لە خۆڕایی و لە هاریان نییە، هەر دەبێت پاڵنەرێک هەبێت، کەوایە چ ئەوانەی فرمێسک تیمساحی هەڵدەڕێژن، چ ئەوانەی بە سادەییەوە دەڵێن لە چییان کەمبوو سەری خۆیان هەڵگرت، دەبێت هەڵوێستەی جدی بکەن و تاوەکو بزانن ئەو هەموو کارەساتە یەک لە دوای یەکە چیە ڕوودەدات، دووبارە و دەبارەش دەبێتەوە، ئەکید گرفتی گەورە هەیە.
تا زووە دەبێت حکومەت، لایەن پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان ژووری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە پێکبهێنن، هەوڵی ئەوە بدەن هۆکارەکان دەستنیشان بکەن هەروەها چارەسەریش، هاوکات هەڵمەتێکی گەورە و بە بەرنامە دەستپێبکەن بۆ وشیارکردنەوەی مەترسی ئەو جۆرە خۆ تەسلیمکردنە بە کەسانی دوور لە هەموو ئاکاری ئەخلاقی و مرۆڤانە، بۆ ئەوەی زەرەر و زیانەکان ئەگەر بنبڕیش نەکرێن، وردە وردە کەمبکرێنەوە، ئاخر ناکرێت هەر ناوە ناوە تۆ شاهیدی خنکانی ژمارەیەک گەنجی خێر لە خۆ نەدی و خێزانی بێ ئومێدی ئەم هەرێمە بیت، لەو لاشەوە بەرپرسەکان بۆ ڕیکلامکردن و سینگ دەرپەڕاندن دەکەونەخۆ، گوایە لە خەمی هێنانەوەی تەرمەکانن، ڕاگەیاندنەکانشیان گاردەکەن تاوەکو بیکەنە دەسکەوت و بە خەڵکی بفرۆشنەوە.
ئەگەر ڕاستدەکەن وەرن تەگبیرێک لەو هەموو کارەسات و قوربانییە بێشومارە بکەن، بڕۆن لێیان بپرسن بۆ وا ڕێی هاتونەهات دەگرنەبەر، ئەکید وەڵامتان دەدەنەوە و دەڵێن:
* ئێمە زیاتر لە ٣٠٠هەزار دەرچووی زانکۆین، نە کاروکاسبیمان هەیە نە چارەنووسمان دیارە، لەکاتێکدا کوڕ و نەوەکانی خۆتان لەدایکدەبن هەژماریان لە بانک بۆ دەکرێتەوە و هەموو شتێکیشیان لە بڕانە.
* ڕاگەیاندنی وا لەم هەرێمە هەیە، بەردەوام مێشکی خەڵک بە بێئومێدی بارگاوی دەکەن، هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانیش بەهەشتی خەیاڵاویمان بۆ دروستدەکەن، لە هەندێک پەیج و ئەکاونتیش هەرچی ئاکاری خراپ هەیە فێری ئەم میللەتەی دەکەن، لە سیاسەتی سلبیش گەڕێ چ جەههەنەمێکیان داخستووە، ئیتر ئەگەر هەڵنێین چیترمان لەدەستدێت.
* چیرۆکی مووچە دێت و موچە نایەت نابڕێتەوە، پاش ئەوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ هەرچی کردەی ناخۆش هەیە لەسەرمان تاقیکراوەتەوە، پاشەکەوت، لێبڕین و نەدانی مووچە، ئاخر لە سۆماڵیش شتی وا نەبووە، بۆیە ئۆقرەمان لێبڕا و هەڵاتنمان هەڵبژارد.
* نەبوونی خزمەتگوزاری نەبڕایەوە، بە چلەی زستان کارەبا نییە و بە چلەی هاوینیش ئاو نییە، لە وەرزەکانیتریشدا هەر بە نیوە ناچڵیە، ئاخر ساڵێک، ١٠ ساڵ، ٢٠ ساڵ، ٣٠ ساڵ، چی بوو نەبڕایەوە، ئەمە لەکاتێکدا لەبەر بریسکەی پلاجکتۆری ڤیەللا و کۆشکەکانتان سۆمای چاومان داهات، لەبەر فچقە فچقی بۆڕی ئاوی سێ چوار ئینجی حەوشە و باخچەکانتان بەحاڵ گوێمان لە هاشەی هەوای بۆڕی ماڵەکانمان دەبێت، لێرە ئێمە بووینەتە هاووڵاتی دەرەجە دوو، بۆیە سەری خۆمان هەڵدەگرین و دەڕۆین، بەڵکو ئەوە خوایە شوێنێک بدۆزینەوە هەندێک یەکسانی تێدا بێت.
* هەرچی ناز و نیعمەت خوا دایناوە بۆ مرۆڤایەتی خۆتان و منداڵ و نەوەکانتان بەزیادەوە لێیبەهەرەمەندن، بەشێوەیەک لە ژماردن نایەت و چەندیش باسی بکەیت هەر کەمە، ئەمە لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی ئەم هەرێمە بە مەمرە و مەژی دەژین، لە خۆتان پرسیوە ئەوە چ دادپەروەریەکە دەینوێنن، ئەوە ئەگەر بۆ دەرپەڕاندنی خەڵک نەبێت ناوی چی لێدەنێن؟
ئەوانە و دەیان گومانی دیکەش هەن وایکردووە، گەنجی خێر لە خۆ نەدیو و خێزانە بێ هیواکان سەری خۆیان هەڵگرن، بەرەو چارەنوسێکی نادیار بڕۆن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە لە بری فرمێسکڕشتن و تەرم هێنانەوەی بەردەوام، وەڵامی داخوازیە ڕەواکانی ئەم میللەتە بدەنەوە، بەوە کۆتایی بەو تراجیدیایە دێت و دەبڕێتەوە.