ڕێزان حەمە ساڵح: دۆخی هەرێم زۆر زۆر لە ئەوروپا باشترە خەڵک بۆ کۆچ دەکەن؟



نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرسوڕمانی خۆی لە کۆچکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا دەردەبڕێت، چونکە “دۆخی هەرێم لە ئەوروپا باشترە” و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و ئاڵتوونی هاوسەرگیریش بە بەڵگە دەهێنێتەوە.

ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باسی لە کارەساتی نقومبوونی بەلەمەکە و دیارەی کۆچ کرد و ڕایگەیاند، کارەساتی نقومبوونی بەلەمەکەی سنوری ئاوەکانی ئیتاڵیا ڕاستە یەکەمجار نیە، بەڵام هیوادارین ببێتە دواین کارەسات خەڵکی ئێمە وانەی لێوەربگرێت، چونکە ئەوەی بەسەر کۆچبەراندا دێت بە تەنها ئەوە نیە کە لەناو دەریاکاندا دێت، بەڵکو جاری واهەیە کۆچبەران بە سەلامەتی دەردەچن، بەڵام کارەساتی گەورەترییان لە دوای ئەوە بەسەر دێت هەروەوک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ شەمەندەفەرێکی خێرا لەسەر سنوری ئیتاڵیا و فەرەنسا دای لە دوو گەنج تەنانەت بەجۆرێک لێی دابون نەتوانرا تەرمەکانیان بناسرێنەوە و لێکجیابکرێنەوە.

وتیشی: “هیوادارم خەڵکی ئێمە گوێ لە کەناڵە فەرمی و ڕاوێژکارەکان بگرن نەک خەڵکی قاچاخچی، خێزانێک پێی وتم پێنج دەفتەر دۆلارمان داوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لێم پرسین باشە پێنج دەفتەرتان لە کوردستان بۆ نەخستە کار و مامەڵە زۆر لە ئەوروپا زیاترتان دەستدەکەوت، ئێستا وا نیوەتان مردون لەو ڕێگایە، کارەساتەکە هەر نقومبونی بەلەمەکان نیە، جاری واهەیە بە سەلامەتی دەردەچن بەڵام دوای ئەوە یا لە شاخ دەکەونە خوار کە چەندین کارەساتی تر دوای ئەوانە هەن تەنانەت تەرمەکانیشیان نەدۆزراونەتەوە، یا ئۆتۆمبێل لێیانی داوە یا چەندین ڕووداو و کارەساتی تر”.

نوێنەری حکومەتی هەرێم دەڵێت: “بەڕاستی خەڵکانێکی زۆر هاتوونەتە دەرەوە خەڵکانێکی زۆر سەرگەردان بوون، ئێستا هاتنی ئەو خەڵکانە بۆ ئەوروپا جێی گومانە کە ئەو کەسانە بۆچی دێنە دەرەوە! چونکە ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێم هەیە، چۆن ئێمە دۆخی ئەم وڵاتە دەگەینیەوە بە وڵاتی خۆمان، ئەوانیش بەوجۆرەن دۆخی هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، دەڵێن، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئازادە، زۆر زۆر زۆر سەقامگیرە، ئەو وڵاتانەی ئەوروپا سەیری ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەکەن وەکو یەکێک لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەند و باشەکان، ڕاستە چەندین قەیران هەبوون، قەیرانی شەڕی داعش، نەهاتنی بودجە، بەڵام ئەو قەیرانانە تێپەڕێنراون و دۆخی ئەو پێنج شەش ملیۆنەی کە لە کوردستانی عێراقدا دەژین، هی ئەوە نیە کە وەزعێکی خراپ بێت، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئەوروپا دۆخی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر باشترە”.

وتیشی: “من بینیومە کونسوڵ و نوێنەرەکان چی بۆ وڵاتی خۆیان دەنووسن، یەکێک لەوانە بۆ وڵاتەکەی خۆی نوسیبوو، هێندەی ئۆتۆمبێلی سەد هەزار دۆلاری لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دەسووڕێتەوە بە هەموو ئیتاڵیا کە ٨٠-٩٠ ملیۆن کەسە ئەوەندە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی تێدانیە، یانی بەراوردەکە زۆر زەقە کە دەیکەن، بەڵام ناهەقیشییان نیە و هیچ لەخۆیانەوە ناڵێن، یان ئەوەی کوڕێکمان ژن دەهێنێ چەند ئاڵتونی بۆ دەکەین و چ ئاهەنگێکی بۆ دەکەین، ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە ئەوانەیان هەمووی وتووە بە وڵاتانی خۆیان”.

ڕێزان حەمە ساڵح دەڵێت: “باسی دۆخی خراپی مووچە بەوشێوەیە کراوە کە حکومەتی ئیتاڵیا پێی خۆشە لەسەر ئەرزی واقیع ئەم کێشەیە لە هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت و ببنە هۆکاری خێر، هەروەک ماوەیەک لەمەوبەر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم سەردانی ئیتاڵیای کرد لەگەڵ بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئێرە کۆبووەوە و بەڵێنیان دا هەوڵبدەن ببنە وەسیلەی خێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەغدا و هەرێم”.

وتیشی: “بەڕاستی حەقە بەغداش ئەم شاتانە ڕەچاو بکات کە بۆچی لە هەرێمی کوردستانەوە ئەم خەڵکە دەستە دەستە دێنە دەرەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەکاتێکدا خودی عێراقییەکان بەسەدان پاسی سەد کەسی ڕۆژانە بۆ گەشتکردن ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن”.

ڕێزان حەمە ساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو کە “حکومەتی هەرێم هەر بەهێنانەوەی تەرمەکان نەوەستاوە، بەڵکو پێداگری ئێمە لەسەر چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە دۆزینەوەی تەرمەکانی خێراتر کرد بۆ نمونە یەکەم ڕۆژ، چوار تەرم دۆزرابونەوە، دوای ئەوە لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە هیچ باڵیۆزخانە و کونسوڵیەتێک تەرم ببێتەوە لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرانە ناڵێم هەڵهاتوون، بەڵام لەدەست ئەو دۆخە ناڕازیبوون، بەڵام جارێکی تر حکومەتی هەرێم باوەشییان بۆ دەگرێتەوە ئەو خەرجییەکی خستووەتە سەر ئەستۆی خۆی”.

سەبارەت بەو بەلەمەش کە کۆچبەرەکانی گواستووتەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، “ئەوەی کۆچبەرەکانی لەسەربووە یەخت نەبووە و هیچ قاچاخچیەکیش خاوەنی یەخت نیە، ئەوانە بەتەنها قایغ یابەلەمە بچوکەکانن کەکاتی خۆی لە دیجلە و فوڕات ڕاوەماسییان پێدەکرد، ئەگەر یەختبووایە چۆن بەدەرهێنانی چووپ یا سندوق کون دەبێت!؟ هیچ قاچاخچییەک خاوەنی یەخت نیە، چونکە یەخت فەرمیە و ژمارە و شوێنی ڕاگرتنی هەیە ئەوە بەتەنها بۆ گەشتیارە و چۆن ڕێگە دەدەن قاچاخچی هەیبێ و کۆچبەری نایاسایی پێ بگوازرێتەوە؟”

یه‌كێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە کۆدەبێتەوە
پێت یه‌كێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە کۆدەبێتەوە
هۆشداری دەدرێت لە بازرگانیکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان
دوات هۆشداری دەدرێت لە بازرگانیکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان
پەیوەندیدار