سوپای تورکیا هێز لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک کۆدەکاتەوە و تا ئێستا حکومەتی عێراقیش هیچ هەڵوێستێکی لەوبارەیەوە نەبووە.
چەند شەوێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەنی کاروانە سەربازییەکانی تورکیا بڵاودەکرێتەوە کە بەرەو ئامێدی و بە تایبەتیش بۆ دەڤەری بەرواری باڵا دەنێردرێن.
تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی ئەو لەشکرکێشییە نوێیەی تورکیا دەرنەبڕیوە کە دەیان بنکەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
ئەم جوڵە سەربازییە نوێیەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی کە باس لەوە دەکەن تورکیا بەنیازی فراوانترکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەتی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمدا.