“بە هۆی فشارە سیاسییەکانی بەغداوە هەموو توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانکرا”



وەزیری دارایی ڕایگەیاند، قەیرانی دارایی و فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە وایکردووە هەموو هەوڵ و توانای حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان بکرێت.

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی کرد کە لە ژمارەیەک ڕاوێژکار، بەڕێوەبەر، پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە بواری ئابووری و دارایی پێکهاتووە.

وەزیری دارایی پشتیوانی تەواوی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانی بۆردەکە دوپات کردەوەو داوای کرد بەشێوەیەکی وردو سەربەخۆیانە کار لەسەر کێشە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و چارەسەری گونجاویش بخەنەڕوو.

ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند لەسەرەتای دەستبەکاربوونیان لەم کابینەیە دروستکردنی بۆردێکی لەو جۆرەیان لە کەسانی پسپۆڕو ئەکادیمی بەپێویست زانیوە، بەڵام قەیرانی دارایی و فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە وایکردووە هەموو هەوڵ و توانای حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان بکرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر پلانی وەزارەت کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیانداوە ئابووریەکی فرەچەشن و پێشکەوتوویان هەبێت و بۆیە بەلایانەوە گرنگە لەلایەن خەڵکانی ئەکادیمی و زانستیەوە نەخشەڕێگەی گونجاویان پێشکەش بکرێت تابتوانن کاری لەسەر بکەن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، کە ئەندامانی بۆردی توێژینەوەو پەرەپێدان سوپاسی پشتیوانی وەزیری داراییان کرد و بەڵێنیاندا هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ ئامادەکردنی پلان و پرۆژەی گونجاو بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان درێغی نەکەن و لەڕاوێژ و گفتوگۆی بەردەوامدا دەبن لە گەڵ دامودەزگاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

 

سوپای تورکیا هێز بۆ ئامێدی ڕەوانە دەکات
پێت سوپای تورکیا هێز بۆ ئامێدی ڕەوانە دەکات
10 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی هەنییە کوژران
دوات 10 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی هەنییە کوژران
پەیوەندیدار