بەختیار تاڵەبانی، ماموستای زانكۆ لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێک جار گوێڕایەڵی بوونی هەمیشەیی منداڵ واتای باش بوونی ئەو منداڵە ناگەیەنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەندێک جار پێویست دەکات زیاتر لە خەمی منداڵە گوێڕایەڵەکان بین وەک لە منداڵە لاسارەکان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆر کات گوێڕایەڵبوونی هەمیشەیی منداڵ واتای لاوازی کەسایەتی منداڵەکە دەگەیەنێت و نیشانەی نەبوونی هێز و توانا و سەربەخۆیی و ئازایەتی ئەو منداڵەیە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێی وایە، “هەمیشە گوێڕایەڵ بوونی منداڵ و نەکردنی هیچ سەرپێچییەک یەکێکە لە نیشانەکانی هەمیشە دەستەمۆ بوونی منداڵەکە، کە ئەمەش بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت لەسەر کاتی مێردمنداڵی و هەرزەکاری”.
هاوكات، د. نەسرەو مستەفا مەحمود، پسپۆری نەخۆشی دەروونی ئاماژەی بەوەكردووە، دژوارترین پەیامی پەروەردەی منداڵ کە باوان ئاراستەی منداڵەکانیانی دەکەن بێ ئەوەی هەستی پێبکەن، ئەوەیە کە، گوێڕایەڵی فەرزە!
دەشڵێت: گوێڕایەڵی فەرز نیە. ئەگەر تۆ منداڵی گوێڕایەڵ گەورە بکەی، ئەوا تۆ گەورەی گوێڕایەڵت بەرهەمهێناوە. تۆ پێویستە کەسێک گەورە بکەی کە پرسیار بکا. تۆ پێویستە کەسێک گەورە بکەی کە دونیا بە شێوەیەکی جیاواز ببینێ. تۆ پێویستە کەسێک گەورە بکەی کە بزانێ تۆ هۆ و پاساوی خۆتت هەیە و ئامادەی ڕوونیان بکەیتەوە. تۆ پێویست نیە کەسێک گەورە بکەی کە فەرمانەکانت جێبەجێبکا چونکە “تۆ وات وت!”
ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژێک ئەو منداڵە (بەڕێوەبەر/برادەر/هاوسەر)ی دەبێ، کە فەرمانی خراپی پێ دەکات. ئایا دەتەوێت بیانکات چونکە (وایان وت؟!).