لە چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 800 دۆنم لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکردنەوە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و زیانەکانیش بەم شێوەیە بوون:
*لە سنوری گوندەکانی کانی شابان و ئەحمەد کلوان، ئاگرێکی فراوان کەوتەوە و زیاتر لە 200 دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتان، بەهۆکاری ئاگرکردنەوەکەش هاووڵاتیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت دەستگیرکرا .
*لەئەنجامی ئاگری سنوری باریکەی کۆن و عەربەت لە سنورى ناحیەی عەربەت کە نزیکەی 50 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە هاووڵاتیەک دەستگیرکرا .
*ئاگرێك لە سنووری گوندی میرزا ڕۆستەمی بچووک سەر بەناحیەی خدران کەوتەوە و نزیکەی 50 دۆنم گەنم و پووش و پاوان سووتا.
*دوو ئاگر لە شاخی میریاسی و نەوتی شیوی قازی و قامیشان و فەقیرە و زەید عومەر کەوتەوە و نزیکەی 20 دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی و باخی هاووڵاتیان سووتان .
*لە سنووری گوندی دەرگەزێن ئاگر نزیکەی 10 دۆنم پووش و پاوان و گەنم و دوو باخی هاووڵاتیانی سووتان و دواتر لەلایەن بەرگری شارستانی بازیانەوە کۆنترۆڵ کرا.
* هەر لە بازیان و لە سنوری گوندەکانی کڵاشکەران و بیبی جەك ئاگرێکی فراوان کەوتەوە نزیکەی 500 دۆنم پووش و پاوان و دەیان داری سووتاند.