هیوا ڕەسوڵ – ڕۆژنامەنووس
لە ئامێزی بێکاریدا سەدان ڕووداوی خراپ لەدایکدەبن، میکرۆبەکانی پووکانەوە، بێهیوایی، سەرهەڵگرتن، لەناوچوون، گرتنەبەری ڕێگای هات و نەهات لەپێناو ئازادی و نان تەشەنەدەسێنێت.
ئەگەر کارکردن پەیامی زیندووان بێت، بێکاری پەیامی مردووانە، هاووڵاتییانی کوردستان لە دۆخێکی خراپدان، دەسەڵاتیش نە پڕۆژەی هەیە و نە خزمەتگوزاریی، ئەسڵەن ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت خەمخواردنە لە هاووڵاتی.
دەسەڵات و حکومەت ئێستا وەک حەبی ترامادۆڵن، کاریگەرییە خراپەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە، هاووڵاتییانی ڕووبەڕووی سەدان قەیران کردووەتەوە، وەک شێرپەنجەن!
کاتێک حکومەت و دەسەڵات بخزێتە ناو قۆزاخەی حەزە بەرتەسکەکان، لە بازنەیەکدا بەردەوام خۆی بشارێتەوە و بێدەنگبێت، لە ئاستی هەموو ڕووداو و قەیرانێکدا دۆشدابمێنێ، هاووڵاتییەکانی بۆ ئاسودەیی و بژێویی ژیانیان ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر.
ئاخر هەتا لەتە پڕۆژەیەک دەبینیت، هەزاران چەواشەکاریی ناڕاستی دەبینیت، لەناو ئەو چەواشەکاریی و ناڕاستییانەشدا، هەزاران ئەکادیمی و کۆیلە لە دەوری هەمان بازنە دەخولێنەوە.
ئەوان لەلایەک فڕکان فڕکانی سپیکردنەوەی دۆلارەکانیاندان، لەلایەک فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن بۆ کۆچ و خنکانی هاووڵاتییانمان، بەناوی هەواڵی بەپەلە، قەزیەی قەوی و پەیامی درۆینەی بۆنەکان، نرخ، مۆدە، سایت و پەیجی فەیک، لە هەوڵی کۆنترۆڵی ڕایگشتیدان و شەرمیش ناکەن.
دیل کارنیجی دەڵێت: ئێمە کاتێک سەرقاڵی کارەکانمان دەبین و سەرمان دانەواندووە، هەست بە دڵەڕاوکەێ و بێزاریی ناکەین، بەڵام بێتاقەتی لە کاتی بێکاریدا، خراپترین بێتاقەتییە.
پێم وایە دەسەڵات چێژ لەبێکاری دەبینێت، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگا بەردەوام بێت لە پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەسەڵات، دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەو قەیران و خراپە زۆرانەی کە تووشی دەبێت.