وەزیری ناوخۆی عێراق سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی عێراقی بۆماوەی سێ مانگ خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەڵێت” گیان و ماڵی هاووڵاتیان گرنگە و دەبێت بپارێزرێت”.
لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە عێراق و زۆری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانیى سەرجەم پارێزگاکان کۆبووەتەوە و ئامادەکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکان و چۆنییەتیی کۆنترۆڵکردنى رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.
شەمەری جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرجەم هێزەکان هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی بکەن بۆ ئاسانکاری تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلەکانی بەرگریی شارستانی بۆ گەیشتن بە شوێنی هەر ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە .
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری ناوخۆ لیژنەیەک بۆ داخستنی سەرجەم شوێن و پرۆژە سەرپێچیکارەکان لە بەغدا و قایمقامیەتەکان پێکدەهێنێت، هاوکات فەرمانیشیکرد بە دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە قایمقامیەتی بەسرە و دانانی یەکێک لە ئەفسەرە لێهاتووەکان لە شوێنیدا.
هاوکات وەزیرى ناوخۆ مانگێک مۆڵەتى داوەتە بەڕێوەبەرانى بەرگریى شارستانیى هەردوو ناوچەى کەرخ و رەسافەى بەغداد ، تاوەکو کار بۆ کەمکردنەوەى رێژەى رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکانیان بکەن.