هەفتەی ڕابردو شاندێکی باڵای ئێران سەردانی هەرێمیان کرد و لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان کۆبوونەوە، و محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” مەگەر ئێران کۆمانبکاتەوە دەنا خۆمان وەک لایەنە کوردییەکان کۆنابینەوە”.
محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە،دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەڕێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا،
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە ١٠\٦ دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن وە بەغداد و کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و وە کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاندی،
وتیشی، ئەو پێشوازییەی ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کرد، وە بینینی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دڵنەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەتایبەت بۆ بۆردومانکردنی ماڵی پێشرەو دزەیی، چونکە بۆ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی تر ئاسان نیە ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ببینن بەڵام بینیمان سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازی لێکراو و بینی،
دەشڵێت”من پێم وایە هەم هەرێمی کوردستان وە هەم ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پێوستییان بەیەکترە”.
دەربارەی سەرەوەری عێراق و پاراستنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد”.