وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بەڵێ ڕاستە، ئاوات شیخ جەناب سێ جار بەفەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر بڕیارەکەی.”
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە ” کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی 2023 بووە، نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کەدەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت.”
وتیشی،”داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت.”
لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
لەبارەی پڕکردنەوەی پێگەی وەزارەتەکە کە لە پشکی گۆڕانە وتەبێژی وەزارەت دەڵێت، وەزیر داوای پڕکردنەوەی پۆستەکەی بە کەسێکی تر لە بزووتنەوەکە کردووە، گومانی تێدا نییە پۆستەکەی پشکی گۆڕانە بۆیە داوای کردووە لەگەڵ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کەسێک دابنرێت و بخرێتە جێگاکەی و بەرپرسیارێتیەکەی ڕادەستبکاتەوە بە بزووتنەوەکە.”