كاتی گەڕانەوەی حاجییانی كورد دیاری كرا



بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لە پێنج یان شەش ڕۆژی داهاتوودا ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشكانییەوە چوونەتە سعودیە دەگەڕێنەوە.

رۆژگار جەعفەر، بەپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سێیەم رۆژی جەژن مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان دێت، یەکەم کاروانی حاجییانیش لەڕێگەی وشکانی دوای 20ـی حوزەیران دەست بەگەڕانەوە دەکەن کە ژمارەیان هەزار و 53 کەسن.

وتیشی، “ئەو حاجییانەی بەڕێگەی ئاسمانی گەیشتوونەتە سعودیە، دوای 25ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی”.

ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای هەڵەبجە، كە هاوكات سەرپەرشتی حاجییانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕینە بۆ حەجی ئەمساڵ، لە شاری مەككەوە ڕایگەیاند، ”تاوەكو ئێستا پرۆسەكە زۆر سەركەوتوو بووە. ئەمڕۆ حاجییان ئەركی ڕۆژی یەكەمی حەجكردنیان جێبەجێكرد و گەڕانەوە شوێنی خۆیان”.

ڕاشیگەیاند، ”دوێنێ بەرەو كێوی عەرەفە بەڕێكەوتین و تاوەكو نوێژی شێوان لەوێ بووین و دواتر دەرچووین بۆ موزدەلیفە و تاوەكو درەنگانی شەو لەوێ ماینەوە، دواتر هاتینەوە مینا، چووین بۆ بەردبارانكردن و پاشان تەوافمان كرد”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە پێنج یان شەش ڕۆژی داهاتوودا ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشكانییەوە چوونەتە سعودیە دەگەڕێنەوە.

 

جەژن و پاراستنی ژینگە
پێت جەژن و پاراستنی ژینگە
تەندروستی سعودیە بۆ گەرما هۆشداری بە حاجییان دەدات
دوات تەندروستی سعودیە بۆ گەرما هۆشداری بە حاجییان دەدات
پەیوەندیدار