بۆ چاودێری کردن و پابەندکردنیان لەرۆژانی جەژنی قورباندا لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانی چێشتخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمان، رایگەیاند؛ بەمەبەستی دڵنیابونەوە لە ئەو خواردن و خواردنەوانەی لەلایەن چێشتخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارەکان، پێشکەش بە هاووڵاتییان و میوان و گەشتیاران دەکرێت، قائیمقامی سلێمانی لیژنەهاوبەشەکانی راسپارد کە خشتەیەکی کاروچالاکیەکان بۆ رۆژانی جەژنی قوربان دابنێن.
راشیگەیاند، بەپێی ئەوخشتەی کە لەلایەن لیژنەکانەوە دیاریکراوە و لەرۆژانی جەژندا سەردانی سەرجەم ئەو شوێنانە دەکەن کە خواردن و خواردنەوە پێشکەش دەکەن .
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشتر لەلایەن لیژنەکانەوە سەردانی سەرجەم چێشتخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان کردوە و ژمارەیەکی زۆریان پابەندی مەرج و رێنماییەکانن و ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کردوە.