سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ” هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد. پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانمان تاوتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش” .
وتیشی: “وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمیمان بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان ، جەختمان لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە”.
عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن .
دوای کۆبوونەوەکە ، مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکانمان بە ئاڕاستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.