سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر و دوای زنجیرەیەک دیدار سەردانی سلێمانیش دەکات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە باقری لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران کۆبێتەوە.
دوای ئەو زنجیرە دیدارە، بەرپرسە ئێرانییەکە ڕوودەکاتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە.
ئامانجی دیدارەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و جەختکردنە لەسەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە سەرۆکی هەرێم لە میانی سەردانەکەی ئەمدواییەی بۆ تاران، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەریان ڕێککەوتن.