بچوکترین وێنەکێشی جیهان ناوی چووە کتێبی گینس



منداڵێکی غانایی ڕیکۆردێکی جیهانی تۆمار دەکات.

(ئەیس لیام ئەنکرا) منداڵێکی غاناییە کە نازناوی بچووکترین وێنەکێشی جیهانی بەدەست هێناوە.

لیام کە بچوکترین هونەرمەندە لە جیهان، توانی ڕیکۆردێکێکی نوێ لە بواری هونەری شێوەکاریدا تۆمار بکات،  دایکی لیام، (چانتێل کوکوا ئێغان)، دامەزرێنەری ستۆدیۆی (ئاڕت ئاند کۆکتێڵز)ە کە تایبەتە بە ڕێکخستنی خول و کۆرس لە بواری هونەری شێوەکاریدا لە (ئەکرا)ی پایتەختی غانا

دایکی لیام دەڵێت: کوڕەکەم هەر لە منداڵییەوە خۆی دەستی بە کاری وێنەکێشان کردووە. هەروەها دەڵێت: کوڕەکەم تەنها تەمەنی شەش مانگ بووە کاتێك توانیویەتی بە ڕەنگی ئەکریلیك تابلۆ بکێشێت.

سەبارەت بە یەکەم کاری کوڕەکەی دەڵێت: لیام تازە فێری گاگۆڵکێ دەبوو کاتێك سەرقاڵی وانەوتنەوەی خولێك بووم بە مەبەستی سەرقاڵی و ژیربوونی کوڕەکەم هەندێك (کانڤاس)م لەسەر زەویەکە بۆ بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتدا هەندێك تیوبی ڕەنگم بۆ دانا، بەڵام ئەوەی سەرسوڕهێنەر بوو بەلامەوە ئەنجامی کاردانەوەی کوڕەکەم بوو، کە هەموو ڕەنگەکانی بەسەر کانڤاسەکاندا کردبوو پاشان بە پەنجەکانی بە شێوەیەکی هونەری جوان بڵاوی کردبوەوە، بەم شێوەیە یەکەم کاری هونەریی بە ناوی “گاگۆڵکێ” بەرهەم هات.

بەگوێرەی یاساکانی (کتێبی گینس) بۆ ژمارە پێوانەییەکان، بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێشتر لە جیهان، ڕاگەیەنراوی گینس بە ئێغانیان ڕاگەیاند، کە پێویستە کوڕەکەی تابلۆکانی نمایش بکات و بیانفرۆشێت.

پاش ئەوە دایکی لیام دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ نمایشکردنی یەکەم پێشانگای کوڕەکەی لە مۆزەخانەی زانست و تەکنۆلۆژیا لە ئەکرای پایتەخت.

لە پێشانگاکەدا (١٠) تابلۆیەی نمایش کرابوون، نۆ دانەیان فرۆشرا، دایکی لیام ڕەتی کردەوە نرخی تابلۆکان ئاشکرا بکات.

لە چەند هەفتەی ڕابردوو، رێکۆردی جیهانیی گینس پشڕاستی کردەوە کە (ئەیس-لیام سام ئەنکرا) لە وڵاتی غانا، کە تەمەنی تەنها یەك ساڵ و پێنج مانگ و دوو ڕۆژ بووە، بە بچوکترین هونەرمەند لە جیهاندا دەستنیشانکرا. هونەرمەندی هیندی، (ئاروشی باتناغار)، کە خاوەنی ڕیکۆردی بچوکترین هونەرمەندی جیهان بوو لە ڕابردوودا، یەکەم پێشانگای خۆی لە تەمەنی یازدە مانگیدا کردووەتەوە و یەکەم تابلۆی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە نرخی پێنج هەزار ڕوپیە، کە دەکاتە شەست دۆلار، فرۆشتووە

لیام لەم ڕۆژانەدا، کە مانگی حەوت دەبێتە دوو ساڵ، هێشتا شەیدای وێنەکێشانە و بە پەرۆشییەوە لەگەڵ دایکیدا دەڕوات بۆ ستۆدیۆکەی بۆ ئەوەی لەو گۆشەیەی کە بۆی تەرخان کراوە، پەرە بە بەهرەکەی بدات.

دایکی دەڵێت: کە هەندێکجار بە پێنج خولەك وێنە دەکێشێت و لە ڕۆژ و حەفتەکانی دیکەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێداچوونەوە بەسەر تابلۆکەدا. لیامی هونەرمەند هەتا بێت زیاتر بەرەو پێش دەچێت و ڕەنگی سەوز و زەرد و شین بۆ وێنەکانی هەڵدەبژێرێت ڕەنگە زەیتییەکان بە پەنجە بچووکەکانی دەدات لە کانڤاسەکە.

ئیغان دەڵێت: کە بەدەستهێنانی تۆماری ژمارەی پێوانەیی لە جیهاندا ژیانی ئەوانی نەگۆڕیوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە یەکەم تابلۆی لیام بە ناونیشانی “گاگۆڵکێ” نافرۆشێت، بەڵكو وەکو سامانێکی خێزانی دەیهێڵێتەوە. لە کۆتاییدا باسی ئەوەشی کرد کە هیوادارە سەرنجی میدیاکان لەسەر کوڕەکەی کۆ بکاتەوە تاکو ببێتە هاندانێك بۆ دایکان و باوکانی دیکە بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرە و توانای منداڵەکانیان.

 

ئامادەکردن: ژوان باقی

عێراق و ئێران هۆشداری لە تەشەنەکردنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن
پێت عێراق و ئێران هۆشداری لە تەشەنەکردنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن
سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆبوونەوە
دوات سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆبوونەوە
پەیوەندیدار