هۆشداری لە بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ 150 هەزار دەدرێت



سه‌رۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای دیاله‌ هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی ئاشكراكرد، كە یه‌كێكیان بریتییە له په‌سه‌ندكردنی بودجە و دەڵێت: بازاڕی دراو لە عێراق جێگیرنییە.

محه‌مه‌د ته‌میمی، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی دیاله‌ بۆ ئاژانسی (بغداد الیوم) ڕایگه‌یاند، “ماوه‌ی 72 كاتژمێره‌ دۆلار ڕووی له‌به‌رزبوونه‌وه‌ كردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی، هەرچەندە بە خاویش بووبێت ، به‌ڵام نیگه‌رانی دروستكردووە، كه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تای به‌رزبونه‌وه‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ربه‌ستی 150 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر 100 دۆلارێك بشكێنێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “په‌سه‌ندكردنی خشته‌ی بودجه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی پاره‌داركردنی دارایی بۆ پڕۆژه‌كان له‌گه‌ڵ بوونی دەنگۆ و زانیاری نادروست سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ دروستكردنی دڵه‌ڕاوكێ، ئەمانە هه‌موویان پاڵیان به‌ نرخی دۆلاره‌وه‌ ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رزتربێته‌وه”..

ئاماژەی بەوەشكردووە، “له‌ بازاڕی ناوخۆیی له‌ عێراقدا هیچ نه‌گۆڕێك نییه،‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار بۆ ماوه‌ی مامناوه‌ند دیاریبكرێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ڕۆژانی داهاتوو ئاماژه‌یه‌كی ڕوونتر سه‌باره‌ت به‌ به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار بێته‌ ئاراوه‌، جا چ به‌ جوڵاندنی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بێت، یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و نرخه‌ ئاساییانه‌ی، كه‌ دۆلار له‌ چه‌ند مانگی ڕابردودا به‌و نرخه‌ ماوه‌ته‌وه‌”.

له‌ دوو ڕۆژی ڕابردودا نرخی دۆلار به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی، كه‌ به‌ به‌رزترین ئاستی داده‌نرێت به‌راورد به‌ هه‌فته‌كانی ڕابردو، چونكە نرخەكەی 147 هەزار دیناری تێپەڕاند، له‌كاتێكدا‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی به‌های 100 دۆلار گه‌یشته‌ 144 هه‌زار دینار.

یەکێک لە بریندارەکانی ڕووداوەکەی دهۆک منداڵێکی ئاو فرۆشە
پێت یەکێک لە بریندارەکانی ڕووداوەکەی دهۆک منداڵێکی ئاو فرۆشە
بەهۆی “شێرپەنجە”وە كۆتایی بە كێشەی تاوەری پەیوەندییەكان دەهێنرێت
دوات بەهۆی “شێرپەنجە”وە كۆتایی بە كێشەی تاوەری پەیوەندییەكان دەهێنرێت
پەیوەندیدار