دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیران بڕێك پارە وەك دیاری دەدرێتە بە تەواوی حاجییان، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە ئەو “دیارییە” حاجییانی هەرێمیش بگرێتەوە.
دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە 12ی حوزەیران، بە سەرپەرشتی شێخ سامی مەسعودی، سەرۆكی تیمی حەجی عێراقی و لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران دەستکراوە بەپێدانی دیاری بە تەواوی حاجییان، كە دیارییەكە بڕێك پارەیە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو پارەیە بڕكەی دەگاتە نزیکەی هەزار دۆلار بۆ هەر حاجییەك و لایەنی پەیوەندیدار، لەشاری مەککە دەستیکردووە بەدابەشکردنی پارەکە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپێناو هاوکاریکردنی حاجییاندایە بۆئەوەی بتوانن باری سەرشانیان سووک بێت لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
لای خۆشیەوە، ڕۆژگار جەعفەر، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە سعودیە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیاری پێدانی پارە بە حاجییانی عێراقی ڕاستە و دەستكراوە بە دابەشكردنی، كە بۆ هەر حاجییەك 700 ڕیاڵ-ی سعودییە.
وتیشی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە، كە پێدانی ئەو دیارییە حاجییانی هەرێمیش بگرێتەوە و تەنها دەدرێت بە حاجییانی عێراقی”.
بەپێی ئاماری دەستەی حەج و عومرەی عێراق، تا ئێستا 18 هەزار و 882 حاجی عێراقی لەڕێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە گەیشتۆتە خاكی سعودیە، كە كۆی حاجییانی عێراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كە ژمارەی حاجییانی هەرێم زیاتر لە 4 هەزار كەسن.